ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ئەو کوردانەی بە هاتنی داعش ئاوارە بوون بە وڵاتانی ناوچەکەدا، دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد وهاتنەسەر کاری ئەحمەد شەرع وهەروەها بەڵێنەکان بۆ باشتربوونی دۆخی ژیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، دەڵێن تووشی قەیرانی ئابووری و بێکاری و بێ بژیویی بوونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی عەفرین لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی 1 گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام زۆرێکیان لە تێکۆشاندان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.
کەمال خۆجە تەمەن 34 ساڵ، کە لە 9ی ئایاردا لەگەڵ چوارەمین کاروانی هەزار و 200 خێزان لە قامیشلۆوە گەڕاوەتەوە عەفرین، بە هەڤار-ی ڕاگەیاند، نزیکەی پێنج مانگە نەیتوانیوە کار بدۆزێتەوە.
بە وتەی ئەو، زۆرێک لە کارگەکانی جلوبەرگی ئامادەکراو هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەڵاوسانی بەهای لیرە و دابەزینی توانای کڕینی خەڵک هەلی کاریان سنووردار کردووە.
خۆجە هەروەها ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی کرد و وتی: ئەم دۆخە کێشەی لە دابینکردنی نان دروست کردووە و بووەتە هۆی داخستنی بەشێک لە نانەواخانەکانی عەفرین.
هەروەها زیادبوونی تێچووی کرێی ئۆتۆمبێل، سەفەری خەڵک قورستر کردووە.
محەمەد حەنان تەمەن 44 ساڵ، کە لە نێوان شاری عەفرین و ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەری ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت و دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی وایکردووە خەڵک کەمتر ئۆتۆمبێلی کرێ بەکاربهێنن. بە وتەی ناوبراو، ژمارەیەک شۆفێریش بەهۆی کەمبوونەوەی داهات و بەرزبوونەوەی تێچووی کارکردن، ناتوانن بەردەوام بن لە کارکردن، هەروەها داهاتی کرێی خانوو بەشی دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانیان نییە.
کەمکردنەوەی حەقی کرێکارانی بیناسازی
شیرو عەبدۆ تەمەن 25 ساڵ، پێشتر لە قاوەخانەیەکدا کاری دەکرد و مانگانە 120 دۆلاری دەستدەکەوێت، ئێستا لە کەرتی بیناسازیدا کاردەکات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دۆخی خراپی مووچە، ئاماژەی بەوەدا، خاوەنکاران لە کەرتی بیناسازیدا مووچەی ڕۆژانەیان کەمکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە کرێکاران و گەنجان پێویستیان بە دۆزینەوەی هەلی کار هەیە.
بە وتەی عەبدۆ، مووچەی ڕۆژانەی کرێکاران کە پێشتر ١٠ دۆلار بووە، ئێستا بۆ ٥ دۆلار دابەزیوە. ئاماژەی بەوەشدا، سەڕای ئو کاری دەستتی، کرێکاران مانگانه نزیکەی 150 بۆ 200 دۆلار داهاتیان هەیه ، ئەو بڕه پارەیەش بەشی پێویست نییه بۆ دابینکردنی تێچووی ژیان.
نرخی زەیتی زەیتون و زەیتون دابەزین
لەم نێوەندەدا کرێکارانی کرێی ڕۆژانە و بێکارانی عەفرین هیوایان بە وەرزی دروێنەی زەیتون وەک دەرفەتێک بۆ پەیداکردنی پارە هەبوو، بەڵام دابەزینی نرخی بەرهەمی زەیتونیش ئاسۆی داهاتیانی سنووردار کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە نرخی یەک کیلۆ زەیتون لە ساڵی ڕابردوودا 150 لیرەی سوری بووە، بەڵام ئەمساڵ بۆ 70 لیرە دابەزیوە، کە نزیکەی 53% کەمیکردووە. هەروەها نرخی دەفرێکی زەیتی زەیتون کە کێشی ١٦ کیلۆگرامە، لە ساڵی ڕابردووەوە لە ٩٠ دۆلارەوە بۆ ئەمساڵ بۆ ٦٣ دۆلار دابەزیوە.
دابەزینی نرخی بەرهەم لە کاتێکدایە کە جووتیارانیش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی کرێکار و سووتەمەنی بوونەتەوە بۆ چاندن و پاراستنی زەویەکانیان. ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتی جووتیاران و هەلی کاری وەرزی بۆ کرێکاران هەبێت.
بە گشتی گەڕانەوەی هەزاران خێزانی کورد بۆ عەفرین بەپێی ڕێککەوتنی ٢٩ی ژانویە، تەحەددای ئابووری و بژێویی لەگەڵدا بووە و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و دابەزینی حەقدەست و سنوورداربوونی هەلی کار وایکردووە کە بەشێک لە گەڕاوەکان بە ئاستەم بتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.
Your Comment